zagros news agency

پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان

 

 

لە یادی هەژدەی شوبات، حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سکرتارییەت و ئەندامانی هەردوو یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.

 

یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، مێژوویەکی درەوشاوەیان لە خەباتی ڕێکخراوەییان و خزمەتکردنی قوتاییان و لاوان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان هەبووە. هەروەها ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریشیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکان گێراوە.

 

یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، فێرگەیەکی دەوڵەمەند و سوودبەخشی پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی بە توانا و لێهاتووی کوردستانیش بوون و بە شانازییەوە،  منیش ئەندام و کادیری قوتابیان و لاوان بووم.

 

ئێستاش کە ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرە ،هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ یەکگرتنەوە ،  ئومێدەوارم لە کار و تێکۆشانی خۆیان لە پێناو پێشخستنی خەباتی ڕێکخراوەییان بە شێوازێکی پێشکەوتووتر کە لە ئاست پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمەدا بێت بەردەوام بن و هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و پێشەنگبوون و نوێبوونەوە و داهێناندا بن و بە باشترین و پێشکەوتووترین شێوە، خزمەتی نەوەی نوێ و قوتابیان و لاوانی کوردستان بکەن و لەم ڕووەوە، هەموو پشتیوانییەکی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە.

 

یادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەر سەرکەوتووبن .

 

مەسرور بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا داوا لە تیک تۆک دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بپچڕێنێت

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات

دڵشاد

لەم وڵاتە دۆلار و دینار بە یەکەوە گران دەبن

سەڵاح