وڵاتانی ژێر سزا داراییەکانی ئەمریکا، بە سەرکردایەتیی ئێران، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزایانە ڕێگەی نوێ دەدۆزنەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی کۆمپانیای “چینئانالیز”، ئەم وڵاتانە وەک میکانیزمێکی پارەدان بۆ بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەبێ پشتبەستن بە دۆلار، پەنا بۆ چالاکیی نایاسایی لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکان یان “کریپتۆ” دەبەن.
ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرای دەکات ئێران بەتەنیا ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٦ ملیار دۆلار دارایی دیجیتاڵی نایاسایی بەدەست هێناوە و ئەمە دەکاتە نزیکەی ٣٩٪ی کۆی مامەڵە نایاساییەکانی تۆکێنەکان لە جیهاندا.
ئەمریکا هەنگاو دەنێت:
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕێگەی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی دارایی بیانییەوە (OFAC) بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە چالاکییانە لە هەوڵی بەردەوام دایە. لە ساڵی ڕابردوودا، ١٣ سزای نوێ دەرکراون کە ناونیشانی کریپتۆییان کردووەتە ئامانج. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣دا، پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانی “تۆراندۆکاش” بە شێوەیەکی توندتر خرایە ژێر چاودێرییەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم پلاتفۆرمە توانیویەتی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵی ئاڵوگۆڕ بکات.
“تۆراندۆکاش” وەک ئامرازێک بۆ سپیکردنەوەی پارە:
خزمەتگوزاریی “تۆراندۆکاش” بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ سپیکردنەوەی پارەی دزراو و تێپەڕاندنی سزا داراییەکانی ئەمریکا بەکاردێت. بەهۆی ئەوەی لە ڕێگەی زنجیرەیەک گرێبەستی زیرەکەوە لەسەر تۆڕی بلۆکچەینێکی ناناوەندیدا کار دەکات، داخستنی ئاسان نییە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ٢٤٪ی بەکارهێنەرانی ئەو خزمەتگوزارییە لە ساڵی ڕابردوودا پارەی دزراویان پێ سپی کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە هێمایەک بۆ شاردنەوەی ناسنامەی بەکارهێنەران لەلایەن ئەمریکاوە.
ئێران وەک نموونە:
ڕاپۆرتی “چینئانالیز” زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئێران و دەردەخات دراوی دیجیتاڵی وەک سیستمێکی دارایی جێگرەوە بە مەبەستی پاراستنی داراییەکان و تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا، بۆ دامەزراوە حکوومییەکان و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بەکاردێت..
ئێران بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراوە. ئەم سزایانە بوونەتە هۆی سنووردارکردنی بازرگانیی ئازادی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دابەزینی بەهای پارەی نیشتمانیی ئەموڵاتە. هەروەها قەیرانی هەڵاوسان و وزەش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە، ئەمەش وایکردووە ئەم وڵاتە پەنا بۆ دراوی دیجیتاڵی ببات.