بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نامەیەکیان بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، فڕێدا و داوایان لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، خۆیان ڕادەست بکەن و چەکەکانیان دابنێن، ئەمەش لە وەڵامی بانگەوازی سەرکردە زیندانیکراوەکەیان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ژمارەیەک لە دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای مەتین و گارە لە قەزای ئامێدیی بە میدیایکانیان گوت: “فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا نامەیەکیان بەسەر ئەو ناوچانەدا فڕێداوە کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان تێدایە.”
بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو نامەیە بە زمانی تورکی و کوردی تییدا نووسراوە و داوا لە ئەندامانی پەکەکە دەکەن گوێ لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردە زیندانیکراوەکەیان بگرن، کە دەستبەرداری خەباتی چەکداری بن و چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا بکەن، هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، حکومەت هاوکارییان دەکات ئەگەر وەڵامی ئەم بانگەوازە بدەنەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی داخرابوو، بەڵام ئێستا پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا، چەکدانانی پەکەکە و بەستینی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی بە پێویستی ئەم قۆناغە نوێی باس کردبوو، ڕاشیگەیاند بوو، کە بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.


