یەکشەممە، 27-4-2025، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئاشکرای کرد، بە سێ لیست کە سەرجەم پارتە سیاسییە شیعەکان لە خۆدەگرێت، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە بریارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت،
سەرچاوەیەکی چوارچێوە بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند، “هێزە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە سێ لیستی جیا، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەنگی دەنگدەرانە، لەو ئەگەرەشدا دەتوانن بە ئاسانی حکوومەت پێکنهێنن، گوتیشی، ڕەنگە لیستەکانی ناو چوارچێوەی هەمەهانگی ژمارەیەکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن لەو ژمارەی ئێستا هەیانە.”
عەللاوی نیعمە بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بەهەمان سەرچاوەی گوت: “هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر زیاتر لە لیستێکی هەڵبژاردندا دابەشدەکرێن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و دواتر هاوپەیمانییەکی سیاسی فراوان پێکبهێنن کە بتوانن بە ئاسانی حکوومەت پێکبهێنن”.
جەختیشی کردەوە، “هێزەکانی چوارچێوەیی هەماهەنگی شیعە پێیان باشە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانییەکە پێکبهێنن بۆ ئەوەی هەریەکەیان هێزی هەڵبژاردن و بنکەی جەماوەری و نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان بزانن”.
سەبارەت بە کشانەوەی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی شیعە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بەنداوی ڕوونیکردەوە، کشانەوەیەکی زۆر گرنگ نەبووە، بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە ناڕەزایەتی بووە بەرانبەر بە کۆبوونەوەی نهێنی سوودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە قەتەر.

