فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی سێشەممە بانگهێشتی مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای کردووە بۆ سەردانی عێراق و چاودێریکردنی “پێشهاتەکان” کە لەو وڵاتەدا ڕوو دەدەن لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥ لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پێشوازیی لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی ئێستا کردووە. هەروەها باسیان لە بەرەوپێشچوونی دانوستانە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و جەختیان لە گرنگیی گەیشتن بە دەرئەنجامەکان کردووەتەوە.
لەسەر تەوەرێکی دیکە، کۆبوونەوەکە باس لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان لە لایەک و حکومەتی هەرێمی و فیدراڵی لە لایەکی دیکەوە کراوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و تیمەکەی کرد بۆ سەردانی عێراق و چاودێریکردنی ئەو پێشهاتە ئەرێنییانەی کە وڵاتەکە لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری بەخۆیەوە دەبینێ.

