zagros news agency

دوای کۆچی دوایی ئۆندەر؛ دەم پارتی بەڵێنی بەدیهێنانی ئاشتی دەدات، ئاکپارتیش باس لە چەکدانانی پەکەکە دەکات

هاوکات لەگەڵ بەخاکسپاردنی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی پێشووی شاندی ئیمراڵی، لایەنە سیاسییەکان جەخت لەسەر چارەنووسی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکەنەوە. بەرپرسانی دەم پارتی بەڵێنیان داوە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆندەر بکەن، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئاکپارتی باس لەوە دەکات پەکەکە ڕازی بووە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاری چەکدانان بدات.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئۆندەردا ڕایگەیاند، گەورەترین خواستی ناوبراو سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی بووە. لە بەرانبەردا، بەرپرسانی دەم پارتی بەڵێنیان داوە کە خەون و ئامانجەکانی ئۆندەر بۆ گەیشتن بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بهێننە دی.
لەگەڵ کۆچی دوایی ئۆندەر، کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی پڕۆسەکە، گفتوگۆکان لەبارەی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی چڕتر بوونەتەوە. بەرپرسانی ئاکپارتی جەخت لە بەردەوامیی پڕۆسەکە دەکەنەوە. عومەر چەلیک پێشتریش ڕایگەیاندبوو پڕۆسەکە بە پشتیوانیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بووەتە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت و ئەوان نابنە لایەنی تێکدەری پڕۆسەکە.
هاوکات، بەرپرسێکی ئاکپارتی (کە ناوی ئاشکرا نەکراوە) ڕایگەیاندووە، گوایە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕازی بووە بەبێ ئامادەبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کۆنگرەی خۆی ببەستێت و تێیدا بڕیاری چەکدانان بدات. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هەلومەرجی عەبدوڵا ئۆجەلان باشتر بکرێت و بتوانێت پەیامێکی فراوان ئاراستەی کۆنگرەکە بکات.
پێشتر، ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، ڕایگەیاندبوو قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی ئاشتی بریتییە لە چەکدانانی بێمەرجی پەکەکە و دوای ئەم هەنگاوە، دانوستانەکان چڕتر دەبنەوە و هەنگاوی کرداری دەنرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كرد‌

یاسین

ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن لە بەرامبەر حزبوللا هەنگاو بنێت

یاسین

ئۆنسەیەک زێڕ نزیک دەبێتەوە لە 3500 دۆلار

سەڵاح