بەهۆی ئاستی بەرزی پیسبوونی هەواوە، ئەمڕۆ دووشەممە، دەوام لە قوتابخانە و زانکۆکانی چەندین شاری پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕاگیرا و فەرمانگەکانیش کرانە نیودەوامی.
. لەنێو ئەم شارانەدا، هەوای هەشت شار (ئەهواز، گوتوەند، ماهشەهر، هندیجان، هۆیەزە، دزفوول و شووشتەر) گەیشتووەتە ئاستی “خۆڵەمێشی” کە بە دۆخێکی مەترسیدار بۆ هەناسەدان دادەنرێت.
هەروەها هەوای شاری ئۆمیدییە لە دۆخی “زۆر ناتەندروست” و شارەکانی ئابادان، ئەندیمشک، ئیزە، بێهبەهان و خوڕەمشەهر لە دۆخی “سوور و ناتەندروست”دان.
دەستەی کەشناسی هۆکاری ئەم پیسبوونەی، جگە لە کاریگەریی پیشەسازییە پیسکەرەکانی ناوچەکە وەک کێڵگە نەوتییەکان و کارگەکانی قامیشی شەکر، بۆ هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارینیش گەڕاندووەتەوە.
بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، دەوامی بەیانیانی قوتابخانان لە ١٤ شاری پارێزگاکە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە کراوە بە ئۆنلاین (نا ئامادەیی).
هاوکات لە شارەکانی ئەهواز، حەمیدیە، کاروون، باوی، شووش، کەرخە، هۆیەزە، دەشتی ئازادەگان، شادەگان، ئابادان، خوڕەمشەهر، دزفوول، ئەندیمشک، شووشتەر، گوتوەند و ماهشەهر، فەرمانگە حکومییەکان کراون بە دوورکاری (کارکردن لە ماڵەوە) و زانکۆکانیش لەم شارانەدا داخراون.
