zagros news agency

سەرۆكی فراكسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران هۆشداری لە قەیرانی ئاو دەدات

سەرۆكی فراكسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران، سومەیە ڕەفیعی، هۆشداریی توند دەدات لەبارەی سەرهەڵدانی قەیرانێكی سەختی ئاو لە وڵاتەكەیدا و ڕایدەگەیەنێت بەنداوەكان پڕنەبوونەتەوە و دۆخی ئاوی ژێرزەویش لە ئاستێكی مەترسیداردایە.
ڕەفیعی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی ئێران ئاشكرای كردووە ڕێژەی ئاوی ٤٤ بەنداوی وڵاتەكە لە دۆخێكی قەیراناویدایە و بەهۆی پڕنەبوونەوەی پێویستی بەنداوەكانەوە، بەرهەمهێنانی كارەبای ئاوی بۆ وەرزەكانی بەهار و هاوینی ئەمساڵ ڕووبەڕووی كێشەیەكی جیددی دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی وزەی ئێران، زیاتر لە ١٢ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كارەبای ئاویی ئەم وڵاتە كەمی كردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە كە “لەسەرەتای ساڵی ئاویی ٢٠٢٤ـەوە تا ئێستا، ئەو بڕە ئاوەی ڕژاوەتە نێو بەنداوەكانەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی ٣٧٪ كەمی كردووە. هاوكات، قەبارەی ئاوی نێو بەنداوەكانیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ١٨٪ و بەراورد بە تێكڕای قەبارەی ئاوی پێنج ساڵی پێشووتریش ١٥٪ دابەزیوە.”
سەرۆكی فراكسیۆنی ژینگە هەروەها دەڵێت دۆخی پێنج بەنداوی سەرەكی لە پارێزگای تاران لە قەیران دایە و بەراورد بە تێكڕای قەبارەی ئاوی پێنج ساڵی ڕابردوو، ئاستی ئاوی ئەم بەنداوانە ٣٣٪ كەمی كردووە و لە ئێستادا تەنیا ٢٤٪ـی توانای گلدانەوەی بەنداوەكان پڕ بووەتەوە لە ئاو.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی ١٣ بەنداوی سەر بە حەوزی ئاوڕێژی گۆلی ورمێ، ڕایگەیاندووە “ڕێژەی پڕبوونی ئەو بەنداوانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٦٪ كەمی كردووە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژانێكی دژوارتر لەبەردەم ئەو دەریاچە مێژووییەدا.”
لەبارەی دۆخی ئاوی ژێرزەویشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە هۆشداری دا “بەهۆی بەكارهێنانی بێ پلانی ئاوەوە، دۆخی ئاوی ژێرزەوی زۆر خراپە و هەر بەم هۆیەوەش ئێستا ٣٠ پارێزگای ئێران تووشی دیاردەی مەترسیداری ڕۆچوونی زەوی هاتوون.”
دەربارەی تاڵاوەكانیش، ڕەفیعی ڕایگەیاند: “٦٦٪ی تاڵاوەكانی وڵات وشك بوون و بوونەتە سەرچاوەی سەرەكی هەڵسان و بڵاوبوونەوەی تۆز و خۆڵ و زیادبوونی پیسبوونی كەشوهەوا.”
لە كۆتاییدا، سەرۆكی فراكسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە هۆكارەكانی ئەم قەیرانە كردووە و وتوویەتی: “هەرچەندە یەكێك لە هۆكارەكان گۆڕانی كەشوهەوایە، بەڵام نەگۆڕانی شێوازی بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و ئاوی ئاودێریی كشتوكاڵ، بەڕێوەبردنی هەڵەی چاندنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەی كە ئاویان زۆر دەوێت، بەكارنەهێنانی تەكنەلۆژیای نوێی ئاودێری، نەبوونی وەبەرهێنان بۆ پاڵاوتن و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاو و هەروەها بەڕێوەبردنی هەڵە لە بواری دیپلۆماسیی ئاودا، هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم قەیرانی كەمئاوییەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا بەشێک لە سزاکانی سەر ڤەنزوێلای کەم کردەوە

یاسین

بوومەلەرزەیەك لە توركیا ڕوویدا

یاسین

لە بەلوچستان 125 کەس کوژران

سەڵاح