بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، گەنمەشامی ئاوێکی زۆر و کارەبایەکی زۆری دەوێت، هەر بەهۆی کەمی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ داچاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕایگەیاند “بەهۆی کەمبارانی و کەمی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ داچاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە.”
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولیر ئاماژەی بەوەشکرد: گەنمەشامی ئاوێکی زۆر و کارەبایەکی زۆری دەوێت، ئەمساڵ ئەگەر کێشەی کارەباشمان پێ چارەبێت، کێشەی ئاومان پێ چارە نابێت.
روونیشی کردەوە: ئەو بابەتە لە ڕووی زانستییەوە هەڵسەنگاندنی زۆری بۆ کراوە، بەرهەمەکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی دەوێت، ئێمەش بە ئامانجی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، ئامۆژگاری و ڕێنمایی بە جووتیاران دەدەین، لەجیاتی گەنمەشامی بەرهەمی سەوزە و میوە بچێنن.
گەنمەشامیش یەکێکە لەو بەربوومانەی لە ڕووی کەرتی ئابوورییەوە، بەراوردی بکەی، بڕێکی باش ئاوی دەوێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەولێردا نییە، ئەمساڵ ئەو بەرهەمە دابچێنرێت.
K24

