zagros news agency

زیاتر لە ٦٠٠ دیلی دیکە لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کران

لە دووەم ڕۆژی گەورەترین پێڤاژۆی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەرتاسەریی مۆسکۆوە، زیاتر لە ٦٠٠ دیلی دیکە لەنێوان هەردوو لایەندا ئاڵوگۆڕ کران. ئەمە لە کاتێکدایە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارە جیاجیاکانی ئۆکراینا، بەتایبەتی کیێڤی پایتەخت، بەچڕی بەردەوامە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی هەردوو وڵات، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥، سێ سەد و حەوت، دیل لە هەر لایەنێکەوە ئاڵوگۆڕ کراون. ڕۆژی هەینی، لە یەکەم ڕۆژی ئەم پرۆسەیەدا، بە گشتی ٧٨٠ دیل لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرابوون.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، بە گەڕانەوەی ٣٠٧ ئۆکراینایی دیکە، “لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە گشتی ٦٩٧ کەس گەڕێندراونەتەوە.” ناوبراو گوتی، ئازادکراوەکانی ڕۆژی شەممە ژمارەیەک سەربازی سوپا، خزمەتگوزاریی سنوور و گاردی نیشتمانیی ئۆکراینایان لەخۆگرتووە. زێلێنسکی ئاماژەی بەمەشکرد، سێیەم ڕۆژی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ٣٠٧ دیل گەڕێندراونەتەوە. ئەم وەزارەتە ئەمەشی خستەڕوو، سەربازە گەڕاوەکان ئێستا لە بیلاڕووس لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ئاڵوگۆڕی ناسراو بە “هەزار بەرانبەر هەزار”، ڕێککەوتنێک بوو ڕۆژی ٢٦ی ئایار لە دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئەستەنبووڵ کرا.
گەڕانەوەی دیلە ئۆکرایناییەکان بۆ وڵاتەکەیان ڕۆژی شەممە دیمەنێکی سۆزدارانە و کاریگەری لەو وڵاتەدا لێکەوتەوە. سەربازە ئازادکراوەکان، لەکاتێکدا ئاڵای شین و زەردی ئۆکراینایان لەخۆیانەوە پێچابوو، لە پاسان دادەبەزین و لەنێو فرمێسکی شادیدا لەلایەن ئازیزانیانەوە باوەشیان پێدا دەکرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: رەزامەندیی لەسەر خانەنشینكردنی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی درا

سەڵاح

تورکیا هیزی سەربازیی نوێی لە لادێکانی عەفرین جێگیر کرد

سەڵاح

پارێزگاری هەولێر پێشوازی له‌ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق دەکات

یاسین