zagros news agency

نێچیرڤان بارزانی: با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی

 

نێچیرڤان بارزانی لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەدا، ھەروەھا دەڵێت، با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی چل و نۆ ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە ڕێز و شکۆدارییەوە شەھیدانی نەمر و ھەموو ئەو قارەمان و جوامێرانە بە بیردەھێنینەوە کە لەم شۆڕشە مەزنەدا گیان و خوێنیان لەپێناو ئازادیدا بەخشی.

شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەداوە. لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی ھەموومانە میراتی شەھیدان و فیدراڵی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی بپارێزین و بە یەکڕیزی و ھاوکاری درێژە بە ڕێگەی ئەوان بدەین. با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین.

بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی گوڵان، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان، سڵاو لە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

٢٦ی گوڵانی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەورووپا سێ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیی سزا دا

سەڵاح

کۆمپانیای AMD لەگەل Open Ai گرێبەست دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی

یاسین

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادەی خوالێخۆشبوو قەنجۆ ڕێكانی دەكات

سەڵاح