zagros news agency

گوتەبێژی دەرەوەی ئێران هەڕەشە لە ئەورووپا و ئیسرائیل دەکات

 

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆشداری دایە وڵاتانی ئەورووپایی ئەگەر میکانیزمی گێڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران (ناسراو بە میکانیزمی پەلکێش “Snapback”) کارا بکەنەوە، ئەوا کۆماری ئیسلامی بژاردەی پێویستی لەبەردەستە. ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە، هەر هەنگاوێکی “گەمژانە”ی ئیسرائیل، کاردانەوەی توندی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

بەقایی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “ئێمە بەرانبەر هەر جووڵەیەک یان هەنگاوێکی لایەنی بەرانبەر، سیناریۆی جۆراوجۆرمان دەبێت و هەنگاوی پێویست دەنێین. پێشتریش زۆر بەڕوونی باسمان لە بژاردەکانمان کردووە و لایەنەکانی بەرانبەرمان ئاگادارن ئەگەر دەست بۆ میکانیزمە نابونیاتنەرەکان (وێرانکەرانە) ببەن، کۆماری ئیسلامیش کۆمەڵێک بژاردە و توانای بەرپەرچدانەوەی ئەو هەنگاوەی ئەوانی لەبەردەستدایە.”

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: “بوون و مانەوەی ڕژێمی زایۆنی هەمیشە لەسەر بنەمای هەڕەشە بووە و هەڕەشەکانی دژی ئێرانیش شتێکی نوێ نین، بەڵام هەر هەنگاوێکی گەمژانەی ئەو ڕژێمە، کاردانەوەی توند و یەکلاکەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.”

ئەم هۆشدارییەی ئێران لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئەگەری پەنابردنی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ میکانیزمی پەلکێش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیادی کردووە. میکانیزمی پەلکێش ڕێگە بە لایەنەکانی ئەورووپاییی ڕێککەوتنەکە دەدات لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانییەوە، داوای گێڕانەوەی سزاکانی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانی چەند گۆڕانکارییەک له وەزارەتەکاندا دەکات

یاسین

لە پاکستان دادوەرێک ڕفێندرا

سەڵاح

سەرۆکی حكومه‌ت: پێویستە زانکۆکانمان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان یارمەتیدەرمان بن

سەڵاح