zagros news agency

حکومەتی هەرێمی كوردستان: بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیووە

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە.

جەختیش دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە.جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: “بۆ ماوەی 11 ساڵە حكوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە: “حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.”

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیشی كردووەتەوەـ بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەر كەوتووە.حکومەتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت: “هەرێمی كوردستان 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە.جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025،ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.

دووپاتی كردووەتەوە، عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، تاكوو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.

دەشڵێت: “لە كاتێكدا مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین. بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكوو هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە ڕووی داوە.”

راشیگەیاندوە: “سەرباری ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕوون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

پرێمەرلیگ.. لیڤەرپوول سەرکردایەتی سەڵاح پێگەی خۆی لە پێشەنگ بەهێزترکرد

یاسین

بە گوژمه‌ی زیاتر لە 933 ملیۆن دینار پڕۆژه‌یه‌كی نوێی خزمەتگوزاری لە 8ی حەسارۆک ده‌ستیپێكرد

سەڵاح

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆ بووەوە

یاسین