ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ئاشکرای کرد، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، “هیچ کام لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە ئاسمانی ئەنبار کەوتوونەتە خوارەوە، بە ئامانجی بنکەی عەین ئەسەد نەهاوێژراون، بەڵکو بەبەرزی دەفڕین پێدەچێت بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابن.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دۆخی ئەمنی دەوروبەری بنکەکە و سەرتاسەری ئەنبار سەقامگیرە و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بکرێتە ئامانجی شوێنە سەربازییەکانی پارێزگاکە”.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “هێزە ئەمنییەکان چاودێری فڕینی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەکەن و بەپێی پلانە ئەمنییە دامەزراوەکان مامەڵە لەگەڵ هەر پێشهاتێک دەکەن.”
لە دوێنێ شەممەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، نزیکەی 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەنبار کەوتوونەتە خوارەوە، هەندێکیان لە نزیک بنکەی عەین ئەسەد، هەندێکی دیکەشیان لە ناوچە دوورەدەستەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددییان لێبکەوێتەوە.

