وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، 100 کورسی ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی بەخۆڕایی بۆ خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشکەش کراوە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتدا ئاماژە بەوە کراوە نووسراوێک بۆ هەموو وەزارەتەکان، دامەزراوەکان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندەرچووە و پرۆسەی پێشکەشکردن تا کۆتایی کاتی فەرمی 26ی حوزەیرانی/یونیۆی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی نامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، پێشکەشکارانی هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەی نیشتمانی بەرپرسیار نین، تەنیا بەشداری لە تاقیکردنەوەی کەفائەی زانستی دەکەن
سەبارەت بە دەرکردنی نامەی لاری نەبوون لەلایەن دامەزراوەکان بۆ ئەو کارمەندانەی دەیانەوێت پێشکەشی بکەن (بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانی کە لە خشتەکەدا دیاریکراون، پێویستە ژمارەیەک مەرج پەیوەست بن، لەوانە ئەوەی کە پێشکەشکارەکان هەموو مەرجەکانی مۆڵەتی خوێندن و پێشکەشکردنەکەیان هەبێت و لە بەشی یاسایی دامەزراوەکە بەڵێن بدەن کە داوای گواستنەوە یان میوانداری بۆ زانکۆکانی هەرێم ناکەن.

