zagros news agency

راپۆرتێكی ئەمریكی: میلیشیا عێراقییەكان یاریزانی سەرەكیی ناو حكوومەتن و ملیاران دۆلار لە گەنجینەی دەوڵەت دەبەن

 

ڕۆژنامەی (واشتن پۆست) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بە چالاكیی گرووپە میلیشیاكانی عێراق دەدات و ئاماژەی بەوەش داوە: لەو دواییانە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بێدەنگییان هەڵبژاردن.

سەرەڕای هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، میلیشیا عێراقییەکان بێدەنگی و بێلایەنییان پاراست كە پرسیاری زۆری لەسەر ئاراستەیان دروست كردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، میلیشیا پاشكۆكانی تاران کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ململانێی پێشوو بۆ كاریگەریی عێراق لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، ئەمەش وای کردووە هەڵوێستێکی وریاتر بەرامبەر تێوەگلان لە ململانێکانی ناوچەکەدا بگرنە بەر و سەربەخۆیی زیاتر لە پشتیوانە دەرەكییەكان نیشان بدەن.

لە کاتێکدا میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێران بوونەتە یاریزانێکی سەرەکی لە حکوومەتی عێراقدا و ملیاران دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دەبەن و تۆڕە بازرگانییە بەرفراوانەکان بەڕێوە دەبەن، شرۆڤەکاران پێیان وایە بەشداریکردنیان لە ململانێکان و بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەیانخاتە مەترسییەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “میلیشیاکان لە عێراق بە بەشێکی سەرەکی لە تۆڕی بەرفراوانی هاوپەیمانان و هێزی وەکالەتی ئێران لە ناوچەکە دادەنران”.

بەڵام بەپێچەوانەی حزبوڵا و حوسییەکان، شارەزایان دەڵێن میلیشیا عێراقییەکان پێشتر وانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریکا وەرگرتووە، ئەبوو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی باڵای میلیشیا عێراقییەکان، لەگەڵ قاسم سولەیمانی کوژرا، ئەوەش فەرماندە باڵاکانی دیکەی ناچار کرد خۆیان بشارنەوە لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا لە خاكی عێراقدا هێرشیان بۆ سەر یەكتر دەست پێكرد. ئەمە وای كردووە ئەو گرووپانە لە ڕووبەڕووبوونەوە خۆ بپارێزن.

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەجاد جیاد، توێژەر لە دامەزراوەی سێنتری ئینتەرناشناڵەوە دەڵێت: تیرۆرکردنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس کاریگەریی زۆری ئێرانی بەسەر ئەو میلیشیایانە لابردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، نەبوونی کەسایەتییەکی سەرەكی وەكوو (باوكی ڕۆحی) بەو مانایەیە کە ئەم میلیشیایانە ڕێڕەوی خۆیان داڕشتووە و بە ئاراستەی خۆیان دەڕۆن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “عێراق تەنیا هاوبەشێکی بازرگانیی سەرەکی نییە بۆ ئێران، بەڵکو ئێران لە ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقیش بۆ گواستنەوەی پارە و بەندەرەکانی عێراقیشی بۆ تێکەڵکردن و هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییە سزادراوەکان بەکار هێناوە، بە گوتەی توێژەرانی چاتام هاوس، کە ناوەندێکی بیرکردنەوەی تایبەتمەندە لە کاروباری نێودەوڵەتی، ئەمە دەروازەیەكی گرنگی بۆ ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دابین كردووە”.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکەدا لە زاری توێژەرانەوە نووسیویەتی “عێراق پەناگەیەکی پارێزراوی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران دابین کردووە کاتێک هەڕەشەیان لێدەکرێت، دوای تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵا بەرپرسی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی ئەیلوولدا، دەیان بازرگانی باڵای حزبوڵا بەرەو عێراق چوون.

ئەو پێی وابوو لە کاتێکدا ڕەنگە گرووپە عێراقییەکان دوا کارتی دەستیان بێت، بەڵام ئێرانییەکان هەوڵی ئەوە نادەن هەموو کارتەکانیان بە یەکجار یاری پێبکەن، بەڵكوو ئەو میلیشیایانە لە ئێستادا بە بێلایەنی دەمێننەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بانکی ناوەندی عێراق بۆ رێگری لە قاچاخچێتی دۆلار رێنمایی نوێی راده‌گه‌یه‌نێت

سەڵاح

ولایەتی: هاتنی ترەمپ کار ناکاتە سەر سیاسەتی درەوەی ئێران

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە

یاسین