zagros news agency

ئەمریکا بڕیارەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی بە “قبووڵنەکراو” وەسف دەکات

 

چەند کاتژمێرێک دوای فەرمانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ جێبەجێکردنی یاسای ناچارکردنی حکوومەت بە هەڵپەساردنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە “قبووڵنەکراو” ناو برد.

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن گوتی: “ئێمە دەستەواژەی قبووڵنەکراو بەکار دەهێنین، چونکە ئێران لە کاتێکدا بڕیاری هەڵپەساردنی هاوکاریی دا کە هێشتا دەرفەتی لەبەردەمدا بوو بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەکەی و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی.”

بەیانیی ئەمڕۆ ئەڵمانیاش ئەم بڕیارەی ئێرانی بە “ناردنی پەیامێکی کارەساتبار” ناوبرد و ئیسرائیلیش داوای کاراکردنی “میکانیزمی پەلەپیتکە”ی کرد بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەرێز پزیشکیان ئەمڕۆ یاسای “ناچارکردنی حکوومەت بە هەڵپەساردنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم”ی بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆم، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە بی بی سی گوتووە، ئاگاداری ڕاپۆرتەکانە و چاوەڕێی زانیاریی فەرمی و زیاترە لەلایەن ئێرانەوە.

یاسای هەڵپەساردنی هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانس، وەک پڕۆژەیاسایەکی دوو بەپەلەیی، هەفتەی ڕابردوو و ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران پەسەند کرا و دەستبەجێ لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزەری دەستوورەوە پشتڕاست کرایەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشتر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران گوتی، پەسەندکردنی یاساکە بە مانای هەڵپەساردنی دەستبەجێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاژانس نییە، بەڵکوو هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانس بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانس دەست پێ بکاتەوە، لەوانەش “پێدانی زانیاری سەبارەت بە کەرەستە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی چوونەژوورەوەی بێسنوور بۆ دامەزراوە نوێیەکانی پیتاندن.”

برووس هەروەها گوتی، پێش هێرشە سەرکەوتووەکانی ئەمریکا، ئێران خەریکی کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەیەکی بەرز بوو کە “هیچ ئامانجێکی ئاشتییانەی باوەڕپێکراوی لەپشتەوە نەبوو.” ناوبراو جارێکی دیکە هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپی دووپات کردەوە و گوتی: “ئێران ناتوانێت و نایەڵین دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. سەرۆک چەندین جار ئەمەی گوتووە و وەزیری دەرەوەش جەختی لێ کردووەتەوە.”

جێی باسە، عەباس عێراقچی لەم دواییانەدا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێس نیوز گوتی، بۆمبابارانی دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ لەلایەن ئەمریکاوە “زیانێکی قورس و جیددی” لێ داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

سەڵاح

پەرلەمانتارێکی ئێران سەبارەت بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕەخنە لە وڵاتەکەی دەگرێت

یاسین

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

یاسین