zagros news agency

پەیامێک لە سەرچاوەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

 

‎لای ھەمووان ڕوونە، کە لەم سێ ساڵەی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵ بە ھۆکاری سیاسی، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بە بارمتە گرتووە و سیاسەتی برسیکردنی مووچەخۆرانی ھەرێم بووەتە پڕۆگرام و پڕەنسیپ لەلایان.
لە پشکی دیاریکراوی ساڵی ٢٠٢٣، لە کۆی (١٦,٤٩٧,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار تەنھا (٤,٦٩٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە دەکاتە ٢٨.٥%. لە پشکی دیاریکراوی ساڵی ٢٠٢٤، لە کۆی (٢٠,٩١٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار تەنھا (١٠,٠٢٦,٤٤٥,٣٢٢,٠٠٠) دینار نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە دەکاتە ٤٧.٩%. لە پشکی دیاریکراوی ساڵی ٢٠٢٥ کە تا ئێستا حەوت مانگی تێپەڕیوە، لە کۆی (٢٠,٩١٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار تەنھا (٣,٨٢٩,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینار نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە دەکاتە ١٨،٣% کە لە ڕاستیدا دەبوو زیاتر لە نیوەی کۆی گشتییەکە واتە سەرووی (١٠،٤٤٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دینار نێردرابوایە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەمە تەنھا ئەو ناحەقیەیە کە لە بواری مووچە و بودجە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام ئەگەر وردتر ببینەوە، دەبینین حکومەتی فیدراڵی چەندین ناحەقیی دیکەشی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کردووە، وەک:

‎١. لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر لە عێراق دامەزرێنراوە کە نەک ھەر ھیچ میلاکێکی بۆ ھەرێمی کوردستان تێدا نییە، بەڵکو لە ساڵی ۲٠۱٤ تا ئێستا ڕێگەش نەدراوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک کەس دابمەزرێنێت.

٢. کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نایاسایی و نادەستوری پەک خراوە و دوای چەندین ڕێککەوتن کەچی تا ئێستاش بە بیانوی جۆراوجۆر تەگەرە دەخرێتە بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لە بەرامبەردا زانیاری زۆر و زەوەند ھەن لەسەر پرسی قاچاخ و کونکردنی بۆڕیی نەوت و بردنی لەلایەن کەسانی ناحکومی و بەرپرسانی سەربازی و چەکدارییەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

‎٣. ھەموو سەرچاوەیەکی دارایی ھەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە و ھەوڵ دراوە ھاتوچۆی بازرگانی و جموجۆڵی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان لاواز بکرێت تا داھاتی ھەرێم بە یەکجاری وشک ببێت.

‎٤. ڕێگری لە ھەناردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانی کوردستان کراوە و باجی گومرگییان لەسەر دانراوە.

‎٥. ھەرێمی کوردستان لە دەرمان و پێداویستی و ئامێری پزیشکی بێبەش کراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٤٠%ی ئەو نەخۆشانەی لە کوردستان چارەسەر وەردەگرن، لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێنە ھەرێم.

‎٦. ھەرێمی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان بێبەش کراوە و ڕێگە نادرێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

‎٧. ھێزی پێشمەرگەی کوردستان جگە لە مووچەبڕین، بێبەش کراوە لە ھەموو پاڵپشتییەکی سەربازی.

‎٨. نەک ھەر ھیچ پاڵپشتییەکی دارایی ھەرێمی کوردستان نەکراوە لەسەر لەخۆگرتنی سەدان ھەزار ئاوارەی سووری و عێراقی، بەڵکو ڕێگە نادرێت ھیچ ڕێکخراوێکیش ھاوکارییان بکات.

٩. وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان سنووردار کراوە، کەچی بۆ جوتیارانی عێراق نەک ھیچ سنووردارییەک نییە، بەڵکو بە ملیۆنان دۆلاریش بۆ ھاوردەکردن و کڕینی گەنم دەنێردرێتە دەرەوە.

‎لە کۆتاییدا دۆخی عێراق پێویستی بە پابەندبوونی دەستوری ھەیە و ھەرێمی کوردستانیش وەک ھەرێمێکی دەستوریی دانپێدانراو، پێویستە مافەکانی پێبدرێت. دەبێت کۆتایی بە عەقڵیەتی سڕینەوەی ھەرێمی کوردستان بھێنرێت. نابێت چیدیکە پارەی خەڵکی کوردستان بۆ بانگەشەو دژایەتی بەکاربێت و سەنگی لایەنەکان لەسەر بنەمای دژایەتی و فشارخستنە سەر ھەرێمی کورستان لە ھەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت. نابێت ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەست بە پلە دووبوونی خۆیان لە عێراقدا بکەن. گرنگە ھەموومان پێکەوە سەقامگیریی عێراق بپارێزین و لە ماف و ئەرکدا وەک یەک بین و لەم دۆخە سەختەی کە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، بتوانین ناوچەکە ئارام بھێڵینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لێدان و سوکایەتی کردن بەهاوڵاتیەک لەشاری کۆیە لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە

یاسین

سەرۆکی حکوومەت پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە  و گوتارێكی پێشكه‌ش كرد

سەڵاح

ئاسایشی ناوخۆی شێخ مەقسوود: بەبێ دوودڵی بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان

سەڵاح