بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لیوای 14ی پیادەی هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنی لە چیای قەرەچووغ ئەنجام دا و لەمبارەیەوەش، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ نەهێشتنی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش و دابینكردنی سەقامگیریی ناوچەكە كراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی 7ی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “بە مەبەستی دابینکردنی ئارامی و ئاسایشیی زیاتر بۆ ناوچەکە، کاتژمێر 4ی بەیانی، لیوای 14ی پیادەی سەر بە فیرقەی 1ی پیادە، بە سەرپەرشتیی عەمید ڕوکن – عیلمی مزووری، فەرماندەی لیوا، لە سنووری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنی ئەنجام دا.”
وەك وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، گوندەکانی ئەو سنوورە و چیای قەرەچووغ و گەلیی تاراوە و مەلا کاغە، کێوماڵ کران و گەڕان و پشکنین بۆ مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەدا ئەنجام درا.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، “ئەمەش لەپێناو نەهێشتنی جموجۆڵی تیرۆریستان و دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر بۆ خەڵك و گوندەکانی ناوچەکە، کاتژمێر 8ی بەیانی کۆتایی هات.”

