zagros news agency

بەقایی: گۆڕینی نێوەندگیری دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا پشتڕاست ناکەینەوە

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەنگۆی گۆڕینی نێوەندگیری دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردەوە و هۆشداریی دایە وڵاتانی ئەورووپایی لە بەکارهێنانی “میکانیزمی پەلەپیتکە” و ڕایگەیاند، ئێران وەڵامی گونجاوی دەبێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگۆکان لەبارەی گۆڕینی نێوەندگیری دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پشتڕاست ناکەنەوە، بەڵام گوتی هێشتا هیچ کاتێک بۆ دیداری نوێنەرانی هەردوولا دیاری نەکراوە.
بەقایی جەختی کردەوە، “تا دڵنیا نەبینەوە لە کاریگەریی دیپلۆماسی و پرۆسەی دانوستان، ناچینە ناو پرۆسەیەکی لەو شێوەیەوە.”
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری گۆڕینی نێوەندگیر لە گەڕی داهاتووی دانوستانەکاندا گوتی، “ئەو جۆرە دەنگۆیانە پشتڕاست ناکرێنەوە.” ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەندێک میدیای ناوچەیی و ناوخۆیی باسیان لە ئەگەری پاشەکشەی عومان لە نێوەندگیرییەکە کردبوو.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جارێکی دیکە هۆشداریی دایە سێ وڵاتە ئەورووپایییەکە لەبارەی بەکارهێنانی “میکانیزمی پەلەپیتکە” (Snapback) و گوتی: “پەنابردن بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکان هیچ پاساوێکی نییە. ئەمە تەنیا هەنگاوێکی سیاسییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانە و بە وەڵامی گونجاوی ئێران بەرپەرچ دەدرێتەوە.”
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت، حەفتەی ڕابردوو دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، گوتی ئەگەر لە هەفتەکانی داهاتوودا هاوکاریی ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا نەبینن، ناچار دەبن هەنگاوی توند بگرنەبەر.
بەقایی لەمبارەیەوە گوتی، لەگەڵ بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە پەیوەندی و ڕاوێژدان، بەڵام “ئەگەر وڵاتانی ئەورووپایی پابەندییەکانی خۆیان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا جێبەجێ بکردایە، ئێستا ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نەدەبووینەوە.”
شایەنی باسە، ئەنجومەنی حاکمانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی دواییدا، پڕۆژەبڕیارێکی سێ وڵاتە ئەورووپایییەکە و ئەمریکای پەسەند کرد، کە تێیدا ئێران بەهۆی “هاوکاری نەکردن و پێشێلکردنی پابەندییەکانی” ئیدانە کرابوو. تاران دوای هێرشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس ڕاگرتووە.
سەبارەت بە سەردانی عەباس عێراقچی بۆ چین، بەقایی گوتی، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین ستراتیژین و سەردانەکە دەرفەتێکی باشە بۆ ڕاوێژ، بەڵام هیچ پێشنیازێکی دیاریکراویان لەلایەن ڕووسیا و چینەوە پێنەگەیشتووە.
لە کۆتاییدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی وەرگرتنی قەرەبوو لە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: “لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەوە چالاکییە دیپلۆماسییەکانمان لەمبارەیەوە دەستپێکردووە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

کێن ئەوانەی تیر شتێگنیان دەوێت

یاسین

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی نوێی ژاپۆن لە هەولێر دەكات

یاسین