دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند مووشەکێکی ئاراستەکراوی لە نیمچە دوورگەی عەرەبەوە خستووەتە خوارەوە، چەکدارانی حوسیی یەمەن ڕایانگەیاند، فڕۆکەخانەی سەرەکی و مەدەنیی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی سەر بە ئێران، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی تەممووز، لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن لە نزیک تەلئەبیب، بە مووشەکێکی بالیستیکی جۆری “زولفەقار” و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ئەنجامدانی هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان و بەندەری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵات، مووشەکێکی ئاراستەکراو لە یەمەنەوە خراوەتە خوارەوە.
لە دەستپێکی شەڕی غەززەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حوسییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و ڕایانگەیاندووە، ئەم کارەیان وەک هاوپشتییەک لەگەڵ فەڵەستینییەکان ئەنجام دەدەن.

