فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکام) و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، ئەو ڕاپۆرتەی میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە ڕەت دەکەنەوە کە گوایە هێزە سەربازییەکانی ئێران کەشتییەکی جەنگیی وێرانکەری ئەمریکاییان لە دەریای عومان ناچار بە گۆڕینی ئاراستەکەی کردووە.
میدیاکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، کەشتیی جەنگیی “یو ئێس ئێس فیتزجێراڵد” ویستوویەتی لە ئاوە “کۆنتڕۆڵکراوەکانی کۆماری ئیسلامی” لە دەریای عومان نزیک ببێتەوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن هەلیکۆپتەرێک و پاشان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپاوە، ئاراستەکەی گۆڕیوە.
فەرماندەیی سێنتکام ئەم ڕاپۆرتەی ڕەت کردەوە و ڕووبەڕووبوونەوەکەی بە “سەلامەت و پیشەییانە” ناو برد و ڕایگەیاند، ئەم ڕووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەرکی کەشتییەکە نەبووە. سێنتکام گوتیشی: “هەر ڕاپۆرتێکی دیکە لەم بارەیەوە ناڕاستە” و بە هەوڵێکی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانەی لە قەڵەم دا.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایش بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت: “ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەرکی کەشتیی جەنگیی فیتزجێراڵد نەبووە و هەر ڕاپۆرتێک پێچەوانەی ئەمە بڵێت، درۆیە و هەوڵێکی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە.”
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، جۆری هەلیکۆپتەرە ئێرانییەکەی بە ئێس ئێچ-٣ “سی کینگ” دیاری کرد و گوتی، ڕووبەڕووبوونەوەکە بەتەواوی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕووی داوە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

