zagros news agency

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێكە هەرگیز لە یادمان ناچێت.  قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. لای هەموو كەسێك ڕوونە ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لەدوای ڕوودانی ئەو كارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشك و براكانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین كە مێژووییەكی پڕشنگداریان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەكان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین كە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی.

لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و كۆمەڵكوژیانە دەنێرین كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون. پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراون. دەبێ كۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت كە هەرجار و بە بیانوویەك و بە عەقلیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆلیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن.

مسعود بارزانی

3ی ئابی 2025

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران وەڵامی ناتۆی دایەوە

سەڵاح

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆى دەکات

سەڵاح

سوپای پاسداران بڕیاری ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی گەرووی هورمز ڕەت دەکاتەوە

یاسین