وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی هۆشداری ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی و تیایدا، واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت و دەکرێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزای ئابووریی گشتگیر بەسەر عێراقدا.
بەپێی زانیارییەكانی (وان نیوز)، ئەمریکا هەڕەشەی لێکۆڵینەوەی لە پێشینەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییانە كردووە کە پشتگیریی پڕۆژەیاساکەیان کردووە و ئاماژە بە ڕاگرتنی پشتگیری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا کراوە، کە دەکرێت کاریگەریی قووڵی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە هەبێت.
وەزارەتەکە هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی سزای توندی ئابووری دەبێتەوە. هەروەها، پشتگیریی تەواوی وەبەرهێنانە بیانییەکان لە عێراق ڕادەگرن و سزای توندیش بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت دەسەپێنن.

