zagros news agency

دیمەشق؛ بەرزبوونەوەی نرخی خواردن هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

 

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خواردن لە چێشتخانەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا، وای کردووە خواردنی دەرەوەی ماڵ بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییان ببێتە کارێکی گران. هاووڵاتییانی دیمەشقی گلەیی لەوە دەکەن کە داهاتی مانگانەیان لەگەڵ ئەم نرخە بەرزانەدا ناگونجێت و ڕەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی خۆراک لە وڵاتەکەیان دەگرن.

نرخی خواردن لە چێشتخانەکاندا بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە کە لەگەڵ داهاتی هاووڵاتییاندا یەک ناگرێتەوە، بەتایبەتی کە نە کەرتی تایبەت و نە کەرتی حکوومی لە بابەتی مووچەدا ڕەوشی ئابووریی هاووڵاتییان لەبەرچاو ناگرن.

یاسر عەلی، کە هاووڵاتییەکی دیمەشقییە، دەڵێت: “ئێمە هیوادارین گونجاندنێک لەنێوان داهات و نرخەکاندا بکرێت و وەزارەتی بازرگانیش چاودێریی بازاڕ بکات، چونکە بەڕێوەبردنی دۆسیەی خۆراک کۆنتڕۆڵ نەکراوە. ئەگەر بەراوردکارییەک لەنێوان نرخەکانی ئێستا و ڕابردوودا بکەیت، دەبینیت نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە. پێشتر کە نرخی دۆلار بەرز بوو، نیو مریشکمان بە ٣٥ هەزار لیرە دەکڕی، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە ٦٠ هەزار لیرە، کە نزیکەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە.”

خاوەن چێشتخانەکان: تێچووەکانمان بەرز بوونەتەوە

لەلایەکی دیکەوە، خاوەنی چێشتخانەکان هۆکاری ئەم گرانییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە سەرەتاییەکان، تێچووی کارەبا، غاز، مووچەی کرێکاران و ئەو باج و ڕسوماتانە دەگەڕێننەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

سامر ئەلحەلو، خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان، گوتی: “ئێمە زۆر حەز دەکەین نرخەکان دابەزێنین، چونکە هەرچەندە نرخەکان هەرزانتر بن، خواست لەسەر خواردن زیاتر دەبێت. بەڵام هەندێک شتی دیکە هەن کە ڕەحم بە کەس ناکەن، وەک کارەبا، کرێی چێشتخانە و جیاوازیی مووچەکان. جگە لەوەش، تێچووی سووتەمەنی بۆ پێکردنی مۆلیدەکان زۆر بەرزە و هەموو ئەمانە بوونەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەرمان.”

هاووڵاتییان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن دەستوەردان بکەن بۆ چاودێریکردنی نرخەکان و دانانی سنوورێک بۆ ئەم گرانییە کە بووەتە هۆی لاوازبوونی هێزی کڕین و دابەزینی ئاستی ژیانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ باكووری ئێران ڕووی دا

سەڵاح

دەوڵەتی یاسا دەست لە پۆستی پارزێگاری دیالە هەڵناگرێت

سەڵاح

ئانروا: کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە

یاسین