پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، كە كابینەی نۆیەم پارەی بۆ تەرخان كردووە، كاركردن تیایدا بەردەوامە و کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی پرۆژەکە كە 23 كیلۆمەترە دەکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە: “پرۆژەی ستراتیژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی درێژییەکەی 34 کیلۆمەترە و چوار سایدە، پانییەکەشی 62 مەترە و دوو سایدی سەرەکیی 21 مەتر و دوو سایدی خزمەتگوزاریی 10 مەترە، کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی پرۆژەکە دەکرێتەوە.”
ئاماژەی بەوەش داوە، پێکهاتەی پرۆژەکە لە 7 یەکتربڕی گەورە، 5 ئەندەرپاس، ئۆڤەرپاسێک و پردێک بە درێژیی 500 مەتر لەسەر چەمی تانجەرۆ لەخۆ دەگرێت.
جەخت كراوەتەوە، ئێستا پرۆژەکە 27 کیلۆمەتری قیرتاو کراوە و کارکردن لە چینی کۆتاییی بەردەوامە، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا بەشی تاسڵوجە – تانجەرۆ کە 21 کیلۆمەترە دەکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونی كردووەتەوە، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا و دەستی کاری ناوخۆیی بە باشترین کوالێتی دروست دەکرێت.
ئەوەش هاتووە: “جگە لەوەی ئەو شەقامە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە سلێمانی کە کاریگەریی لەسەر گەشەکردن، بەرەوپێشچوونی ئابووریی ناوچەکە دەبێت؛ هاوکات سیمایەکی نوێ بە شارەکە دەدات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و کارئاسانیی زیاتر بۆ شۆفێران دەکات.”

