وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دووپاتی کردەوە کە واشنتۆن دژی هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراقە بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی و ئاماژەی بەوەدا کە پەسەندکردنی ئەو یاسایە دەبێتە هۆی گۆڕینی سروشتی هاوبەشیی ئەمنی دوولایەنە لەگەڵ بەغدا.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆنی پایتەخت ڕایگەیاند: “ئێمە بە توندی دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبین کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەهێز دەکات”.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کردووە و چاوەڕێی دەنگدان لەسەر پرۆژهیاساكه دەکات.
بۆ چەند جارێكه وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، یاسای حەشدی شەعبی، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە، لە دژی ئامانجەکانی ھاوکاریی ئەمنیی دوولایەنەی (ئەمریكا- عێراق)ە و تێپەڕاندنی، دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق پەک دەخات.

