zagros news agency

تاڵیبان سەرجەم ئارایشتگاكانی ژنان لە ئەفغانستان دادەخات

 

ماڵپەڕی هەواڵی ئەفغانی (تۆلۆ نیوز)، ئەمڕۆ یەکشەممە (10ی ئابی 2025)، ڕایگەیاند کە بزووتنەوەی تاڵیبان لە کابووڵ، بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ساڵۆنەکانی جوانکاریی ئافرەتان دادەخات.

ماڵپەڕەکە لە ڕێگەی کەناڵی تێلێگرامی خۆیەوە کە (بەغدا ئەلیەوم) وەرگێڕانی بۆ كردووە، بڵاوی کردەوە، لەگەڵ بەردەوامیی سەپاندنی ڕێگرییە توندەکان دژی ژنان لە پایتەختی ئەفغانستان، سەدان ساڵۆنی جوانکاری داخراون.

لە هەواڵەکەدا هاتووە: “شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە ئەندامانی تاڵیبان، لە کاتی پشکنینی هەندێک باڵەخانە لە کابووڵ، بۆیان دەرکەوتووە کە ساڵۆنی جوانکاری هەن، بۆیە یان تێکیان داون، یان دەستان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە. ئەم ڕێوشوێنانەش گورزێکی کوشندەی لە ژیانی ئابووریی ئەو ژنانە داوە کە لەم کەرتەدا کاریان دەکرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، پێش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ساڵۆنەکانی جوانکاری لە پایتەخت، نزیکەی 60 هەزار ژن کاریان تێدا دەکرد. زۆر لەوانیش بەخێوکەری سەرەکیی خێزانەکانیان بوون.

ماڵپەڕەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو دەوڵەتەی بزووتنەوەی تاڵیبان هەوڵی بۆ دەدات، هیچ بوارێک بۆ بوون و چالاکیی ژنان ناهێڵێتەوە.

جێی ئاماژەیە، بزووتنەوەی تاڵیبان ڕێگریی توند لەسەر ژنان دادەنێت، لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە، ئەو ڕێگرییانەش قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردن و ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەیان بەبێ مەحرەم و پۆشینی نیقاب لەخۆ دەگرێت، سەرەڕای سنووردارکردنی جووڵەیان لە شوێنە گشتییەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران بارین هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە

سەڵاح

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا درێژکرایەوە

سەڵاح

شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

سەڵاح