پرۆژەی ڕووناكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، ڕۆڵێكی گەورەی لە كەمكردنەوەی پیسبوونی هەوای شارەكانی هەرێمی كوردستان گێڕاوە، بە جۆرێك كە یەكەمین وەرزی هاوینە لە شاری هەولێر، كەس سكاڵا و گلەیی لە پیسبوونی هەوای شارەكە نەكردووە.
پرۆژەی ڕووناكی كە چەند مانگێكە دەستی پێكردووە و تاوەكوو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 700 هەزار كەس لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك)، هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش نامیلكەی خۆتۆماركردن لە لایەن كارمەندانی پرۆژەكەوە بڵاو كراوەتەوە.
ئەم پرۆژەیە جگە لەوەی تێچووی كرێی كارەبای بە شێوەیەكی بەرچاو لەسەر خەڵك كەم كردووەتەوە، بە جۆرێك كە بۆ مانگی شەشی ئەمساڵ، نیوەی ماڵەكانی هەولێر كەمتر لە 29 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، لە كاتێكدا لە مانگی شەشی هەموو ساڵێك تەنیا كرێی مۆلیدە بۆ 4 ئەمپێر سەرووی 80 هەزار دینار بووە. هاوكات پرۆژەی (ڕووناكی) ڕۆڵێكی گەورەی لە پاككردنەوەی ژینگە و كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە هەبووە.
پێشتر، لەو كاتەی كە تەنیا 1260 مۆلیدەی ئەهلی كوژێندرابووەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راپۆرتێكی فەرمیدا رای گەیاندبوو كە كوژاندنەوەی ئەو مۆلیدانە، وەك ئەوەیە كە 250 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەكان نەهێڵدرێت. ئێستاش كە ژمارەی مۆلیدە كوژێندراوەكان بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە، لێكەوتەكانیشی بە هەمان شێوە بووە بە دوو هێندە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە تیمی پرۆژەكە بە فەرمی رایانگەیاندووە، تاوەكوو ئێستا بەهۆی پرۆژەی (ڕووناكی)یەوە زیاتر لە 2500 مۆلیدەی ئەهلیی گەڕەكەكان و مۆلیدەی ماڵ و هۆتێل و كافێ و شوێنە بازرگانییەكانی دیكە كوژێندراونەتەوە، بەم هۆیەشەوە دەردانی 465 هەزار تۆن گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن بە شێوەی ساڵانە كەم كراوەتەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ كەمكردنەوەی نزیكەی 500,000 هەزار ئۆتۆمبێل.
پێشبینی دەكرێت بەهۆی پرۆژەی ڕووناكییەوە، لە كۆتایی ساڵی 2026، دەوروبەری 7000 مۆلیدە لە هەرێمی كوردستان بكوژێندرێتەوە كە ئەم ژمارەیەش هاوتایە لەگەڵ نەهێشتنی 1,300,000 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەكاندا، بۆیە دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە كە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە، لە هەموو هەرێمی كوردستاندا ڕێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەكان بە ڕێژەی 30% كەم دەبێتەوە. ئەگەر تەنیا هەولێر بە نموونە وەربگیرێت، بە گوتەی دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری لقی هەولێری دەستەی پاراستن و باشتركردنی ژینگە، پیسبوونی ژینگە بە ڕێژەی نزیكەی 40% كەم بووەتەوە.

