ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتیدا لەبارەی قەیرانی نیشتەجێبوون لەو وڵاتە، ئاشکرای کردووە کە تا ساڵی ٢٠٢٣، ڕێژەی ئەو خێزانە هەژارانەی خاوەنی خانووی خۆیان نەبوون و لە دۆخی هەژاریی ڕەهادا ژیاون، گەیشتووەتە ٤٠٪.
ماوەی ١٤ مانگە بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمی لەسەر کێشەی نیشتەجێبوون لە ئێراندا سانسۆر کراوە. ئەم ڕاپۆرتەش دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوکردنەوەی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی ناوەندەکە سڕایەوە، بەڵام لە میدیاکانی دیکەدا دەنگدانەوەی هەبوو. میدیاکاران ڕەخنە لە ئامارەکە دەگرن و دەڵێن، زانیارییەکان هی دوو ساڵ پێشن و ئێستا ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە.
بەپێی ئامارەکانی هەمان ڕاپۆرت، لە ساڵی ٢0٢٣دا نزیکەی دوو ملیۆن خێزان، کە لە حەوت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس پێکدێن، لە ئێران کرێنشین بوون. هەروەها لە ماوەی شەش ساڵدا (لە ٢٠١٧ تا ٢٠٢٣)، ڕێژەی هاووڵاتییانی کرێنشین لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە.

