بەرگری شارستانی پاریزگای بەسرە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە قەزای زوبێر، دەیان زیارەتکار بوونە قوربانی.
چوارشەممە، 13ـ8-2025، بەرگری شارستانی پارێزگای بەسرە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاسکرای کرد، پاسێکی زیارەتکاران لە ڕێگای خێرای قەزای زوبێر وەرگەڕا و ژمارەیەک زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و مردووانیش ڕەوانەی پزیشکی دادی کراون.
بەرگری شارستانی بەسرە جەختیشی کردەوە، تیمەکانمان ڕێگەکەیان گرتووە و هەوڵی ڕزگارکردنی قوربانیان دەدەن.
لەوبارەوە عەقیل فورەیجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، “بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو ڕووداوەی لە نێوان ناوچەی ڕمێلە و بازگەی سیدرە ڕوویداوە، 40 زیارەتکار بریندار بوون و 8 ـی دیکەش گیانیان لەدەستدا.”
فورەیجی ئاماژەی بەوەدا کە “هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن، بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و لابردنی پاشماوەی ڕووداوەکە و پاککردنەوەی شوێنەکە.”

