گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێترین زانیارییەکان دەربارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین.
دەربارەی ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکان باس لەوەش دەکات، هەندێک بابەتی دیکە هەیە وەک دابەشکردنی پۆست و پەرلەمان و چەند شتێکی دیکە، کە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو کۆتایی پێ بێت.
گوتەبێژی پارتی هۆکاری دواکەوتنی ڕێککەوتنەکە دەخاتەروو، شێوازی چۆنیەتی تێگەیشتنی هەرلایەک بۆ چۆنیەتی کاری حکومی کاتی ویستووە.
دەربارەی خاڵی هاوبەشی پارتی و یەکێتی گووتی، خاڵی هاوبەش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە دوو حزبی جیاوازین، ڕەنگە لەهەندێک بابەت تێگەیشتنمان وەک یەک نەبێت و جیاواز بێت، چونکە ڕەنگە بیرۆکەی جیاوازمان لە شێوازی حوکمڕانی هەبێت.
مەحموود محەممەد لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، هیچ خاڵێکی ناکۆکی وەها نییە ببێتە هۆی پێکنەهێنانی حکومەت.

