مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی گەشتەکەیدا دوای ئەرمینیا، سەردانی بیلاڕووسی کرد و لەگەڵ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی “بێلتا”ی بیلاڕووسی لە زاری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆوە بڵاوی کردەوە، وڵاتەکەی خوازیاری قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئێران لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی “هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی”.
بەپێی هەواڵەکە، پزیشکیان ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە یارمەتیی بیلاڕووس بدات بۆ “بێکاریگەرکردنی سزاکانی نایاسایی ڕۆژئاوا”. پزیشکیان جەختیشی کردووەتەوە، ئێران و بیلاڕووس “جگە لە پەیوەندیی دۆستانەی دوولایەنە، لە زۆرێک لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دیدگای نزیکیان هەیە و لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا هاوکاریی بنیاتنەرانەیان هەیە.”
هەروەها گوتوویەتی، “یەکێتیی ئۆراسیا، ڕێکخراوی شەنگەهای و بریکس” چوارچێوە و زەمینەی گونجاون “بۆ ئاسانکاری و فراوانکردنی پەیوەندییە بنیاتنەرەکانی نێوان ئێران و بیلاڕووس.”
بیلاڕووس وڵاتێکی دابڕاوە و شانبەشانی ڕووسیا و ئێران لە بەرەی دژ بە ڕۆژئاوادایە و لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا پەرە پێداوە.

