شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق وەڵامی تویتێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا دایەوە کە تێیدا “نیگەرانی” خۆی لە فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش و ئەلقاعیدە لە ناوچەکە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، بارودۆخی ئەمنیی عێراق جێگەی نیگەرانی نییە.
لیوا سەعد موعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی راگەیاند، “رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات بوونی خۆی لە چەندین وڵاتان جێگیر بکات، بەڵام لە دۆخی ئێستای عێراقدا، توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نییە که رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببنەوە، یان دامەزراوە و دامەزراوەکانی حکومەت بەئامانج بگرن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی هەواڵگری و ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دژ بە تیرۆر نەوەستاون و بەردەوامن.
موعن جەختی کردەوه، “سنوورەکانی عێراق بەتەواوی پارێزراون، بەتایبەت سنووری سووریا که چەند هێڵی بەرگری هەیه که لەلایه ن سوپا و پاسەوانی سنوور و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوه سەرپەرشتی دەکرێن و هیچ کێشەیەک نییە کە نیگەرانی ئەمنیی لێبکەوێتەوه.”
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٢٣ـی ئاب پۆستێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە “ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و فراوانبوونی ناوچەی چالاکیی داعش و ئەلقاعیدە”، جەختی لەسەر بەردەوامی ئەولەویەتەکانی واشنتن کردەوه بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و ئەکتەرە ناوچەییەکان لە شەڕی دژی تیرۆر.

