zagros news agency

ئیدارەی ترەمپ ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگی دەگۆڕێت

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ بە پلانەکانی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری ‘پێنتاگۆن’ بۆ “وەزارەتی جەنگ” بەرەو پێشەوە دەڕوات، ئەمەش دوای ئەوەی دێت سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا بیرۆکەکەی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، گەڕاندنەوەی ناوی کۆنی ئەو وەزارەتە گەورەیەی حکوومەتی ئەمەریکا، پێویستی بە دەستوەردانی یاسایی لەلایەن کۆنگرێسەوە هەیە، بەڵام کۆشکی سپی بەدوای ڕێگەی بەدیلدا دەگەڕێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییە.

گریگ ستیوب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی فلۆریدا، بە ڕۆژنامەکەی گوتووە، هەموارکردنەوەیەکی بۆ پڕۆژە یاسای ساڵانەی سیاسەتی بەرگری پێشکەش کردووە کە ئامانج لێی گۆڕینی ناوەکەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتیوانی کۆمارییەکان بۆ ئەو بیرۆکەیە لە کۆنگرێسدا.

ئانا کێلی گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، “وەک سەرۆک ترەمپ گوتوویەتی، سوپای ئێمە دەبێت سەرنجی لەسەر هێرشبردن بێت نەک تەنیا بەرگری، بۆیە ئەو شەڕکەرانی پێنتاگۆنی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، چاوەڕوان بن.”

ترەمپ ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ناوی “وەزارەتی جەنگ” باشترە لە “وەزارەتی بەرگری”، ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر “ناوی وەزارەتی جەنگ بوو، پێگەیەکی بەهێزتری هەبوو، دەمانەوێت بەرگری بکەین، بەڵام دەمانەوێت هێرشیش بکەین.”

ناوی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا وردە وردە بۆ وەزارەتی بەرگری گۆڕدرا، ئەمەش دوای دەرکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی لە ساڵی 1947، کە سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی یەکخرا، کە دامەزراوەی سەربازی نیشتمانی بوو، لە ساڵی 1949 یاساکە هەموارکرایەوە و بە فەرمی ناوی وەزارەتی بەرگری پەسەندکرا، کە تا ئەمڕۆش هەر ئەو ناوەی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەهۆی تەقینەوەیەک له بارەگای حەشدی شەعبی سێ ئەندامی حەشد کوژران

یاسین

سێیەکی دانیشتووانی جیهان توانای کڕینی خۆراکی تەندروستیان نییە

سەڵاح

ڕۆژنامەی هایۆم ئیسرائیل: ‘تۆفیق ئەبو نەعیم’ دەبێتە جێگرەوەی یەحیا سینوار

سەڵاح