رۆژنامەیەكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە بەهۆی ئەو هەڵە ستراتیژییەی كە حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی بەرامبەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردوویەتی، لە كاتێكدا ”تەبڵی شەڕ“ لە ناوچەكە لێ دەدرێت.
بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (المدی)ی عێراقی، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی دەگەیەنێتە سوڵتاننشینی عومان تاوەكوو ببێتە ناوبژیكەر لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ راستكردنەوەی ئەو ”هەڵە ستراتیژی“یەی كە عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كردوویەتی.
لەمبارەیەوە ئیحسان شەممەری، توێژەر و ئەكادیمی و سەرۆكی سەنتەری هزری سیاسی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، پێموایە سوودانی لەم سەردانەدا بەدوای ناوبژیوانێكدا دەگەڕێت، چونكە ئەمەریكا لە ڕێگەی هەندێك ڕێوشوێنەوە دەستی بە فشارخستنە سەر حكوومەت و عێراق بە شێوەیەكی تەواوەتی كردووە، بۆیە لەم سەردانەدا چەند پرسێك تاوتوێ دەكرێت كە یەكێك لەوانە، بابەتی هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی میلیشیاكانە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەدەن، تیمی دۆناڵد ترەمپ هاوكێشە سیاسییەكەی ئێستای عێراقیان بەلاوە پەسەند نییە.
هەر لەمبارەیەوە ئەحمەد یاسری، سەرۆكی سەنتەری عەرەبی – ئوسترالی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، بە رۆژنامە عێراقیەكەی گوتووە، عێراق و حكوومەتی سوودانی دەزانن كە لە چركەساتێكی یەكلاكەرەوەدا دەژین كە خەریكە هەموو دەرگاكان دادەخرێن، هەروەها كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ داخستنی دەرگاكان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە لایەك و كۆتاییهاتنی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن.
جەختیشی كردووەتەوە: ”عێراق لەوە دەترسێ كە ئەمەریكا لە بەندەكانی رێككەوتنی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ عێراق بكشێتەوە، ئەمەش دۆخی رژێمی سیاسی لە بەغدا دەهەژێنێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی چاودێریی ئەمنیی ئەمەریكا كە لانی كەم دەروازەی رۆژئاوا و باكوور لە عێراقدا دەپارێزێت.

