نادر یارئەحمەدی، سەرۆکی ناوەندی کاروباری کۆچبەرە بیانییەکانی وەزارەتی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاند، حکوومەتی ئێران بۆ دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەفغانستان مۆڵەتێکی دە ڕۆژەی دیاری کردووە.
یارئەحمەدی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گوتووە، حکوومەتی ئێران لەم هەنگاوەی پەشیمان نییە، بارودۆخەکە ناگۆڕێت و کارتی سەرژمێرییەکانیش بەتاڵ کراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد ئێران تەنیا توانای وەرگرتنی ٣ ملیۆن کۆچبەری ئەفغانستانی هەیە و گوتی: “بۆ ئەم ژمارەیە ناسنامە دەرکراوە، بەڵام حکوومەت دەتوانێت بەپێی بڕیاری دادگا ئەوانیش لە ئێران دەربکات.”
نادر یارئەحمەدی ئیدعای کرد بە دەرچوونی کۆچبەرانی ئەفغانستانی کرێی خانوو دابەزیوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر داوود بەیگینەژاد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی ڕاوێژکارانی خانووبەرە، ڕایگەیاندبوو، زۆربوونی خانووبەرە بۆ فرۆشتن تەنیا خانووە کۆنەکانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە هەژارنشینەکانی تاران.
مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، مانگی تەممووز ڕەخنەی لە هەنگاوی حکوومەتی ئێران بۆ دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی گرت و بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی زانی و گوتی، ئەم هەنگاوە دەکرێت کەسانی لاواز، منداڵان و ژنان بخاتە مەترسیی ڕاوەدوونان و تووندوتیژییەوە.

