میدیا عێراقییەكان دیمەنی شۆكهێنەری خانەنشینانی بەتەمەنی (عێراق)یان لەبەردەم بانكەكان بڵاو كردووەتەوە كە بە بیانووی نەبوونی سیوولە مووچەكانیان پێنادرێت. هاوكات حكوومەت بە دەرهێنانی پارە لە سندووقی خانەنشینی و گەندەڵیی بەرپرسان لە دزینی پارەی خانەنشینان تۆمەتبار دەكرێت.
لەمبارەوە، پەیامنێری (بەغداد ئەلیەوم)، دیمەنی شۆکهێنەری تۆمار کردووە، خانەنشینێک بە گریانەوە دەڵێت: “ئیتر پارەی دەرمانمان نییە، بەرپرسان پارەکانمان لەنێوان خۆیاندا دەستاودەست پێدەکەن و ئێمەش لەبەردەم بانکەکاندا دەمرین.”
یەکێکی دیكە دەڵێت: “ئەگەر یەکێکمان بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بمرێت، با ئەوە بە تاوانێکی تەواو دانرێت و با گەندەڵکاران خوێنی ئێمە لەئەستۆ بگرن.”
کەریم عەلێوی محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەمبارەوە دەڵێت: “یاریکردنی حکوومەتەکان بە سندووقی خانەنشینی تاوانە و پێویستە ئەوانەی هۆکارن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا نا کە خەرجکردنی مووچە بەندە بە بوونی پارەی نەختینەوە، کە ئەمەش بێتواناییەکی ئاشکرای دەوڵەتێک پیشان دەدات کە لەسەر گەورەترین بودجەی نەوتیی ناوچەکە دەژی، بەڵام شکست دەهێنێت لە پێدانی مووچەی خانەنشینێک لە کاتی خۆیدا.”
نەبیل مەرسوومی، ئابووریناس، ئاماژەی بەوە داوە، کارەساتەکە تەنیا لەسەر خانەنشینان ناوەستێت، چونكە دواکەوتنی مووچە تەنیا خانەنشینان ناگرێتەوە، بەڵکوو فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە، دەڵێت: “پارەی نەوت چیتر بەشی دابینکردنی مووچە ناکات، توانای دەوڵەت بۆ قەرزی ناوخۆیی و داشکاندنی حەواڵەکان زۆر لاواز بووە.”
ئەو ئابووریناسە بە توانجەوە دەشڵێت: “پشتێنەکانتان ببەستن، لەوانەیە بەم زووانە پێویستتان پێی بێت و ئەوەی باوەڕ ناکات با بڕوات لە شەتولعەرەب ئاو بخواتەوە.”
سەرچاوە ئابوورییە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکەن کە ڕەگی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی هیچ جێگرەوەیەکی ئابووریی ڕاستەقینە.
ئەم هۆکارانە وایانکردووە حکوومەت ڕووبەڕووی کەلێنێکی کوشندە ببێتەوە لە پارەی نەختینەدا، لەکاتێکدا خانەنشینان باجی ڕاستەوخۆی بێتوانایی دارایی و پاشکۆیەتی دەدەن.

