بە پێ قسەی ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەو لایەنە دەستنیشانکراوە کە هێرشی درۆنیان کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و دەشڵێت، هێرشەکان دووبارە نابنەوە.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێندرابوو، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشکردووە و ئەو لایەنانەش دەستنیشانکراوە کە هێرشەکانیان ئەنجامداوە و پشتیوان بەخودا هێرشەکان دووبارە نابنەوە.
ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕاشیگەیاندووە، لیژنەکەیان سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە، کە بە درۆن هێرشیان کراوەتەسەر و ڕاپۆرتی خۆیان بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەوە پێشکەشکردووە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئامادەنەبوو ناوی لایەنە هێرشبەرەکان و شوێنی ئاڕاستەکردنی هێرشەکان کە لە خاکی عێراق یان دەرەوەی خاکی عێراقەوە بووە ئاشکرا بکات و دەشڵێت، هەموو زانیارییەکانیان لە ڕاپۆرتەکەدا بەوردی باسکراون.

