لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق و حسێن زولفەقاری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران و ئەمینداری گشتی دەستەی نیشتمانیی ماددە هۆشبەرەکان بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، “وەزارەتەکەمان شانبەشانی وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کار دەکات.”
روونیشیکردەوە، “هاوکاری نێودەوڵەتی و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ گرنگە و پایەیەکی بنەڕەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان”.
شەمەری ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەم هاوکارییە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری و راهێنان”.
راشیگەیاند، “کۆبوونەوەکە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی چۆنایەتی لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی دابینکردن و خواست”.

