بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیلنا، مەترسیی ڕۆچوونی زەوی لە شاری ئیسفەهان ئەوەندە جیددییە کە شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون و ٤٠ قوتابخانە بەتەواوی چۆڵ کراون. عەلی بەیتوللاهی، سەرۆکی بەشی مەترسییەکان لە سەنتەری توێژینەوەی ڕێگاوبان، نیشتەجێکردن و شارسازی گوتی، بڕینەوەی هەمیشەیی ئاوی زایەندەڕوود پرۆسەی ڕۆچوونی زەوی لەو شارەدا خێراتر کردووە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆچوونی شەقامی «هەشت بەهەشت»ی ئەو شارە، گوتی ئیسفەهان «بەبێ هیچ گومانێک ئەمڕۆ پڕمەترسیدارترین شاری ئێرانە» لە ڕووی ڕۆچوونی زەوییەوە. ڕۆچوونی زەوی هەڕەشە لە تاران، مەشهەد و شارەکانی دیکەی ئێرانیش دەکات و هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی بێسەروبەرەی ئاوی ژێرزەوی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی بەیتوللاهی، زایەندەڕوود «فاکتەری سەرەکیی پڕکردنەوەی سفرە ئاوییەکانی ژێرزەوی بووە لە هەموو شاری ئیسفەهان»، بەڵام ئێستا بە ڕادەیەک وشک بووە کە تەنانەت پلانی ئەنجامدانی کۆنسێرتی تێدا دادەنرا. بڕینی هەمیشەیی ئاوی زایەندەڕوود لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ـەوە دەستی پێ کردووە و ئێستا باس لەوە دەکرێت زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس کەوتوونەتە بەر مەترسیی ڕۆچوونی زەوی.
بەیتوللاهی جەختی کردەوە «ئیسفەهان تەنیا شارێکە کە تا ئەم ڕادەیە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی داکشان.»
شارەزایان دەڵێن گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی ئاو، بەنداوکردن و بەکارهێنانی بێسنووری ئاوی ژێرزەوی، نەک هەر بووەتە هۆی کەمئاوییەکی توند، بەڵکو تەختایی ئێرانی ڕووبەڕووی «تسونامیی ڕۆچوونی زەوی» کردووەتەوە.

