کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند ڕەنگە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تا چەند ساڵێکی دیکەش کۆتایی نەیەت، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر ئەم شەڕە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
کالاس ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکیدا لە پەرلەمانی ئەورووپا، نیگەرانیی خۆی لە بێئەنجامبوونی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە دەربڕی، کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس لە هەردوولا و گوتی: «پێم وایە سیناریۆی واقیعی ئەوەیە کە بەداخەوە شەڕەکە بۆ چەند ساڵێکی دیکەش بەردەوام دەبێت. هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپیشەوە، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.»
ناوبراو هەروەها گوتی، بەپێی هەمان سیناریۆی ڕەشبینانە، ڕەنگە «ئۆکرانیا ناچار بێت دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت.»
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بە ڕۆڵی چین لە پشتگیریکردنی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا کرد و گوتی، گەورەترین ئەو کێشانەی یەکێتیی ئەورووپا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پشتگیریی پەکینە لە ڕووسیا و هەروەها «ڕێبازە ئابوورییە قۆرخکارییەکانی» چین. زیادی کرد: «ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین هێشتا ئامادەیی پێویستمان نییە.»
چەند هەفتە پێش ئێستا وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە «گەرهنتیی ئەمنیی پێویست» بدەنە کیێڤ، پێش ئەوەی باس لە زەمینەکانی ئاشتی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ چەند مەرجێکی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە خستووەتە ڕوو؛ لەوانە ئەندامنەبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ، ڕاگرتنی فراوانخوازیی ناتۆ لە دراوسێیەتیی ڕووسیا، هەروەها ڕادەستکردنی هەندێک لە پارێزگا ڕۆژهەڵاتییەکانی ئۆکرانیا، کە ئەم مەرجانە بۆ هیچ لایەنێک، بەتایبەتی بۆ ئۆکرانیا، جێی قبووڵ نین.
کالاس لە کۆتاییدا گوتی یەکێتیی ئەورووپا تا ئێستا ١٦٩ ملیار یۆرۆ هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، کە ٦٣ ملیار یۆرۆی هاوکاریی سەربازی بووە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە شوباتی ٢٠٢٢، و جارێکی دیکە جەختی لە پێویستیی پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا کردەوە، بەڵام ئەوەشی گوت کە ئەم شەڕە «هیچ براوەیەکی نییە.»

