zagros news agency

وەزیرێکی ئیسرائیل بەتۆمەتی گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی ‘هارێتز’ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ” پۆلیسی ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر نووسینگەی مەی گۆلان، وەزیری یەکسانی کۆمەڵایەتی ئیسرائیل و لێپرسینەوەی لەسەر بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ مەبەستی تایبەت لەڕێگەی ڕێکخراوە قازانج نەویستەکانەوە دەکات.”
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مەی گۆلان، ئەندامی پارتی لیکودی ناتانیاهۆیە و ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پارێزەرێکی نزیک لە وەزیرەکەش دەستگیرکراوە، پۆلیسیش ڕایگەیاندووە، دوای لێپرسینەوە لەگەڵیدا هەوڵدەدەن دەستبەسەرکردنەکەی درێژبکەنەوە.”
ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، “پۆلیس تاقیگەیەکی ماددە هۆشبەرەکانی لە ماڵی کەسێکی نزیکی گۆلان دۆزیوەتەوە و ژمارەیەک تۆمەتباریش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون و بردراون بۆ لێکۆڵینەوە.”
هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پۆلیس کە بە ڕۆژنامەکەی گوتووە، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیر کراوە لەسەر تاقیگەکەی ماددەی هۆشبەر، یاریدەدەری نزیکی وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلە، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوێکی ناحکومییە.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، “لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی گۆلان کراوە و دوای ڕاپۆرتێک کە سەرەتای ئەمساڵ لە کەناڵ 12 پەخشکرابوو، گوایە ئەو پارەیەی لە ڕێکخراوە قازانج نەویستەکەیخەج کردووە، بە خراپ بەکاریهێناوە و خراپیش مامەڵەی لەگەڵ کارمەندانی ئۆفیسەکەیدا کردووە.”
ڕۆژنامەی هارێتز نووسیویەتی “ئەو ڕێکخراوەی کە گۆلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەنابەران لە باشووری تەلئەڤیڤ دایمەزراندووە، پارەی زۆری وەرگرتووە و هەرگیز بۆ مەبەستەکەش خەرجی نەکردووە.”
ڕاشیگەیاندووە، گوایە گۆلان مووچەی مانگانەی هەزاران شیکل بووە لە ڕێکخراوەکە، کە بڕە پارەیەکی نایاساییە بەهۆی ئەندامێتی لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەوە.
لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەی گەندەڵی، هاوکاتە لەگەڵ دادگاییکردنی بەردەوامی ناتانیاهۆ کە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بە تۆمەتی هاوشێوە دادگایی دەکرێت، لەوانە ئەو تۆمەتانەی کە خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە بەرامبەر ئاسانکاری و هاوکاریکردنی ئەو کەسایەتیانە لە بوارە جیاجیاکاندا دیاری گرانبەهایان لە بازرگانانی دەوڵەمەند وەرگرتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمار کرد

سەڵاح

شێروان دووبەردانی بۆ زاگرۆس: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی پارتییە

یاسین

هاووڵاتیانی عێراقی سیستەمی بانکیی عێراقییان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌

سەڵاح