عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری وزەی ڕووسیا گوتی، ئێران بەهێزەوە وەڵامی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا داوەتەوە.
ناوبراو هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات و گوتی: “بە لەبەرچاوگرتنی سزاکانی ڕۆژئاوا دژی ئێران و ڕووسیا، توانایەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی هاوکاری هەیە.” مووسەوی هەڵوێستەکانی ڕووسیای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ پشتیوانیکردن لە تاران، بە “زۆر باش و پتەو” وەسف کرد.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دیپلۆماسی و دانوستاندن وەک باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گوتی ئێران هیچ کاتێک دەستپێشخەری جەنگ نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: “دوژمن دانوستاندنی وەک پەرژینێک بۆ چەواشەکاری بەکارهێنا و بە خیانەتکردن لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی، جەنگی سەپێنراوی دژی ئێران دەستپێکرد. بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهێز و پتەوییەوە وەڵامێکی توند و ددانشێکنەرانەیان دایەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل.”
لە ماوەی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، زۆرێک لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان، لەوانە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، مووشەکی، بنکە ئاسمانی و چەکدارییەکان، بارەگاکانی فەرماندەیی سەربازی و ئەمنی و هەروەها ناوەندە ئەتۆمییەکان کرانە ئامانج و فەرماندە سەرەکییەکانی هێزە چەکدارەکان لە کاتژمێرە سەرەتایییەکاندا کوژران یان تیرۆر کران. گرووپێک لە کاربەدەستانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیش لە ماوەی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا لەلایەن یەکە ناوخۆیییەکانی مۆسادەوە لە ئێران کوژران.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “ئیسنا”، لە دیدارەکەدا سێرگی تسیڤیلێڤ، وەزیری وزەی ڕووسیا، نیگەرانیی خۆی بۆ کوژرانی “فەرماندە و زانا ئێرانییەکان” لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا دەربڕی و گوتی: “هاوڕام لەگەڵ پێشنیازەکەی مووسەوی بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی لیژنە پەیوەندیدارەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان.” ناوبراو داوای بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە بەرگری و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد بۆ “بەرزترین ئاست”.
وەزیری وزەی ڕووسیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەردانی تارانی کردووە و ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش کۆبووەوە. پەرەپێدان و کارپێکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە چەندین ساڵ پێش ئێستاوە بە ڕووسیا سپێردراوە.

