zagros news agency

ژمارەیەک دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکایی پەیوەندیدار بە دۆسیەی سووریا لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە

 

پێنج سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان گوتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکایی کە کاریان لەسەر دۆسیەی سووریا دەکرد، لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی واشنتن بۆ نزیککردنەوەی هێزە کوردییەکان لە حکوومەتی ناوەندیی دیمەشق.

ئەم دیپلۆماتکارانە لە “پلاتفۆرمی هەرێمیی سووریا” کاریان دەکرد و ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش بە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، دەکرد.

لە کاتی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق لە ساڵی ٢٠١٢ەوە، “پلاتفۆرمی هەرێمیی سووریا” وەک نوێنەرایەتیی سەرەکیی واشنتن بۆ کاروباری سووریا کار دەکات. نووسینگەی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئەستەنبووڵە.

دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزی گوت، بەشێک لە کارمەندانی ئەم دامەزراوەیە لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان ئاگادار کراونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەم گۆڕانکارییە بەشێکە لە “ڕێکخستنەوەی تیم” و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی واشنتن لە سووریا نابێت و پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان کارمەندان، باراک یان کۆشکی سپییەوە نەبووە.

دوو دیپلۆماتکاری ڕۆژئاوایی و دوو سەرچاوەی نیشتەجێی ئەمەریکاش ئاشکرایان کردووە، ئەم گۆڕانکارییانە کتوپڕ و نائارەزوومەندانە بوون و هەفتەی ڕابردوو ڕوویان داوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خۆی لە لێدواندان لەبارەی “بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە کارمەندان یان ڕێکخستنی ناوخۆیی” بەدوور گرت و تەنیا گوتی: “کارمەندە سەرەکییە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەی سووریاوە لە چەندین ناوەندەوە بەردەوامن لە کارەکانیان.”

تۆماس باراک، کە لە مانگی ئایارەوە بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کراوە، سەرپەرشتیی گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی هەرێمی دەکات کە جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی حکوومەتێکی یەکگرتوو لە سووریا دەکاتەوە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا.

بە گوتەی دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی، یەکێک لە هۆکارەکانی “ناکۆکی” نێوان دیپلۆماتکارە دوورخراوەکان و باراک، بابەتی “هێزەکانی سووریای دیموکرات” (هەسەدە) و ئەحمەد ئەلشەرع بووە.

هەندێک لە فەرماندەکانی هەسەدە دژی ئەو فشارانە وەستاونەتەوە کە بۆ تێکەڵکردنیانە لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق. هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ساڵانی ڕابردوودا بە پشتیوانیی ئەمەریکا دژی “داعش” جەنگان و هێشتاش لە پێکدادانی پچڕپچڕدان لەگەڵ سوپای سووریا و هێزە نزیکەکان لە تورکیا. ئەم هێزە داوای بەردەوامبوونی ئەو پێکهاتە لامەرکەزییە دەکات کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بەدەستی هێنابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوەی ئێران: دانووستان لە گەڵ ئەورووپا بە پێویست نازانین

یاسین

ئەمڕۆ مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەش دەکرێت

یاسین

بەرپرسێکی ئەمریکی: هێزەکانی ئەمریکا له عێراق جێگیر دەکرێنەوه

یاسین