وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەمپی هۆلی بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای پەرەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتی کراوە بۆ داخستنی کەمپەکان.
بە پشتیوانی هونەری لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، عێراق کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاست بەرزی تایبەت بە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتان لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و شوێنەکانی دەستبەسەرکردن، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دوێنێ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام و ژمارەیەک هاوبەشی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەڕێوەبرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی رایگەیاند، کۆنفرانسەکە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەچوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی نزیکەی 30 هەزار کەس کە هێشتا لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و شوێنەکانی دەستبەسەرکردن ماون، کە تێیدا بەشداربووان رێگەی سەلامەت و کاریگەرەکانی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانیان بۆ وڵاتەکانیان تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆنفرانسەکە ستایشی رۆڵی پێشەنگی عێراقی کرد لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی لە کەمپەکان، ژمارەی ئەو عێراقیانەی کە تا ئێستا گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 18,800 کەس، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نیشتمانی گشتگیر کە چاکسازی و یەکخستنەوە و دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی دادوەری لەخۆدەگرێت.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوە، “عێراق ئەزموونی خۆی بە وڵاتانی دیکەش بەخشی کە دەستیان بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی هاوڵاتیانیان کردووە.”
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە پێشکەشکردنی راوێژی سیاسی و پشتیوانی هونەری و بەهێزکردنی تواناکان بۆ وڵاتانی ئەندام بۆ هاندانیان لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانیان.
گفتوگۆکان چەندین تێبینی و راسپاردەی لێکەوتەوە، دیارترینیان:
- پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی رەهەندە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ و ئەمنییەکان لە کەمپەکان و شوێنەکانی دەستبەسەرکردن.
- رێزگرتن لە سەروەری سووریا لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆسەکانی گەڕاندنەوە.
- هۆشداریدان لەوەی کە خراپبوونی دۆخەکە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی.
- بانگەواز بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر کە خزمەتگوزارییەکان و دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانی و پەروەردە بەهێز بکات.
- جەختکردنەوە لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەڕێگەی گەڕاندنەوەی بەپەلەی هاوڵاتیان بۆ ناوچەکانیان.
- ستایشکردنی هەوڵەکانی عێراق لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی و هاندانی وڵاتانی دیکە بۆ پەیڕەوکردنی.
- سەرنج خستنە سەر پەیڕەوکردنی رێبازە گشتگیرەکان کە حکومەت و کۆمەڵگه لەخۆبگرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی پێداویستییە تاکەکەسییەکانی هەر کەسێک.
- بانگەواز بۆ دابینکردنی پرۆگرامەکانی چاکسازی و یەکخستنەوەی تایبەتمەند و بێ جیاکاری، لەگەڵ پشتیوانیکردنی توێژە هەستیارەکان وەک هەرزەکاران.
- جەختکردنەوە لەسەر لێپرسینەوەی تاکەکان لەڕێگەی پرۆسەکانی وردبینی و پشکنینی یاساییەوە و پشتیوانیکردنی قوربانیانی تیرۆر.
- گرنگیدان بە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پلاتفۆرمێکی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و باشترین پراکتیزەکان، و فراوانکردنی ڕۆڵی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژە گشتگیرەکانی چاکسازی و یەکخستنەوە.
- ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگی رێکخراوە هەرێمییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیان.
- هۆشداریدان لە کەمبوونەوەی بودجەی نێودەوڵەتی فرەلایەنە وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر کاریگەری پرۆسەکانی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیان.
کۆنفرانسەکە بە پێشکەشکردنی چەند ڕاسپاردەیەکی سەرەکی کۆتایی هات، دیارترینیان:
- 1. خێراکردنی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتان بە شێوەیەکی سەلامەت و بەڕێز.
- 2. پەرەپێدانی هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەندام لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ڕاهێنان و سەردانەکانی خوێندن و ڕاوێژی سیاسی.
- 3. پشتیوانیکردنی حکومەتی سوریا لە پەرەپێدانی میکانیزمەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی، و دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی تاوانباران و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تیرۆر.
- 4. داڕشتن و بەهێزکردن و جێبەجێکردنی ستراتیژە گشتگیرەکانی دادگاییکردن و چاکسازی و یەکخستنەوە.
لە کۆتاییدا، کۆنفرانسەکە جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی سەلامەت و ڕێکخراوی دەستبەسەرکراوان، و پەرەپێدانی هاوکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە کەمپەکانی ئاوارەیی.

