موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، وەڵامێکی توندی دایەوە لەبارەی هەڕەشەکانی تیرۆرکردن و ئەو پێشبینییانەی کە باس لە هەوڵی رەوتەکەی بۆ تێکدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی داهاتوو دەکەن.
لەم پۆستەی دواییدا لە تۆڕی X، سەدر جەختی کردەوە: “ئەگەر ویستتان بارگرژی دروست بکەن، ئەوا ئێوە دەزانن کە ئێمە لە ئاستیداین و هەڕەشەکانتان نامانترسێنن.”
سەبارەتی به هەڵبژاردن و نیگەرانییەکان سەدر رایگەیاند کە ئامادەنەبوونی رەوتەکەی لەم هەڵبژاردنەدا بووەتە هۆی زیادبوونی ترسی لایەنە بەشداربووەکان و ئەو گومانانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە رەوتەکەی بە زەبروزەنگ رێگری لە دەنگدان دەکات یان فیتنە دەنێتەوە.
سەدر رەخنەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن گرت و بە “فەرامۆشکراو” وەسفی کرد کە گوتی “ناپاکەکان تێیدا بەهێز دەبن و گەندەڵەکان زاڵ دەبن”، و ئاماژەی بەوەدا کە لایەنەکان سەرەڕای وازهێنانی رەوتەکەی، هێشتا بەردەوامن لە ئاراستەکردنی تیرەکانیان به ئاراستەی ئەوان.
سەدر هۆشداریی لەبارەی ئەنجامەکان دا پێشبینی کرد کە لایەنگرانی دەسەڵات لەم چەند رۆژەی ماوەدا “بارگرژی دروست دەکەن”، بەڵام جەختی لەسەر هۆشیاریی گەل کردەوە و داوای کرد “دەنگ بە کەسی تاقیکراو نەدرێت، چونکە تاقیکراو دووبارە تاقی ناکرێتەوە”.
سەدر تیشکی خستەسەر کێشە گەورەکانی وڵات وەک وشکەساڵی، کارەبا، خراپیی پەروەردە و بوونی چەکی عەشایر و میلیشیاکان کە هەموو ئەمانە مەترسیدارترن لە گەڕانەوەی حزبێکی لەناوچووی وەک بەعس و جەختی کردەوه، “بەعس هیچ کاریگەرییەکی نەماوه و تەنیا هەندێک لایەن خەڵکی پێدەترسێنن.”
سەدر دڵنیایی دا کە رەوتەکەی کار بۆ فیتنەنانەوە ناکات، چونکە “نیشتمانمان خۆش دەوێت و زیانی بۆ ناخوازین و متمانەمان بە هۆشیاری و گوێڕایەڵیی لایەنگرانمان هەیە.”

