عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ئۆکتۆبەر هاوکات لەگەڵ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی وتووێژەکانی ئاشتیی غەززە، ستایشی پلانی سەرۆک کۆماری ئەمریکای کرد و پشتگیریی خۆی لێی ڕاگەیاند.
سیسی لە وتارێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٣ کە بە جەنگی “یۆم کیپۆر” ناسرا، گوتوویەتی: “من تەنها دەتوانم ڕێز و ستایشی خۆم بەرانبەر بە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەهۆی دەستپێشخەرییەکەی کە بەدوای گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە پاش دوو ساڵ جەنگ، جینۆساید، کوشتوبڕ و وێرانکارییە، دەرببڕم.”
وتووێژەکانی ئاشتیی غەززە لە ئەمڕۆ دووشەممە (٦ی ئۆکتۆبەر) بە میوانداریی میسر لەنێوان نوێنەرانی حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت. میسر و قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵی ناوبژیوانی لەم وتووێژانەدا دەگێڕن. ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ترامپ و جارد کوشنەر، زاوای ترامپیش لەم وتووێژانەدا ئامادەن.
سیسی بە ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی پلانی ئاشتیی ترامپ جەختی کردووەتەوە: “گەیشتن بە ئاگربەست، گەڕاندنەوەی بارمتەکان و زیندانییەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دەستپێکی پڕۆسەیەکی سیاسی و ئاشتییانە کە ببێتە هۆی پێکهاتن و بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستینی، بە مانای ئەوەیە کە ئێمە لە ڕێڕەوی دروست بۆ ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوامداین.”
سەرۆک کۆماری میسر هەروەها ئاماژەی بە پەیمانی کەمپ دەیڤید کرد کە لە ساڵی ١٩٧٨ لەنێوان ئەنوەر سادات، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەم وڵاتە و مێناخیم بگین، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل واژۆ کرا. سیسی ئەم پەیمانەی بە “بناغەیەک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە” ناو برد و لەسەر بەهێزکردنی جەختی کردەوە.
پەیمانی کەمپ دەیڤید ڕێگەی بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان میسر و ئیسرائیل خۆش کرد و لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە پێشوازیی لێ کرا.
سیسی جەختی کردووەتەوە: “ئاشتییەک کە بە زۆر بسەپێنرێت، تەنها ململانێ دروست دەکات، بەڵام ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیات بنرێت، دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی ڕاستەقینەی پەیوەندییەکان.”
میسر بارها سەبارەت بە کۆچاندنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بۆ خاکی ئەم وڵاتە هۆشداریی داوە و ئەمەی بە هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی ناو بردووە. سیسی لە وتارەکەیدا جارێکی دیکە بە ئاماژەدان بەم بابەتە و بە ڕاگەیاندنی “پابەندبوونی” سوپای میسر بە پاراستنی سنوورەکان، جەختی کردەوە کە ئەم وڵاتە لە “گرفتەکان ناترسێت.”
میسر لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی کەمپ دەیڤیدەوە، یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین بڕی یارمەتییە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای وەرگرتووە.
هەواڵی پێشوو

