حوسام ئەلحەج، ڕۆژنامەنووسی عێراقی، بە پێگەى (بەغداد ئەلیەوم)ى ڕاگەیاندووە: بەهۆى جێبەجێکردنی یاساى جەعفەرى لە عێراقدا، هەزاران هاوسەر داواکارییان تۆمار کردووە بۆ گۆڕینی گرێبەستی هاوسەرگیری لە مەدەنییەوە بۆ جەعفەرى یان جیابوونەوە.
ئاماژەى بەوەش داوە، بەهۆى ئەوەى ئەم یاسایە مافى ژن و کچ و منداڵان ناپارێزێ، لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا 4400 سەرپەرشتیی منداڵان لە دایکان وەرگیراوەتەوە و هاوکات 800 دایکیش لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵاتوون بەهۆى ترسی لەدەستدانی مافی سەرپەرشتیی منداڵەکانیان.
یاسای جەعفەری 253 ماددەی تێدایە کە زۆربەیان پێچەوانەی ڕاستەوخۆن لەگەڵ بنەماکانی مافی ژنان و مافی منداڵان و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ.
لایەنە هەرە مەترسیدارەکانی یاسای جەعفەری، ماددەی 50 یە کە باس لە هاوسەرگیریی منداڵان دەکات. ئەم بڕگەیە مافی ئەوە بە باوک و باپیران دەدات کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا بەشوو بدەن.
هاوکات ماددەی 101 نیگەرانکەرە کە مافی بێسنوور بە مێردەکان دەدات بۆ پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژنەکانیان، بەبێ گوێدانە ڕەزامەندیی ژنەکە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکانی نوێخواز لە عێراقدا، ناڕەزاییان لەو یاسایە دەربڕیوە و دەڵێن ئەم پیادەکردنە عێراق بەرەو تایفیبوون و کۆنەخوازی دەبات لە بری شارستانیبوون و مافى مەدەنی.

