نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له دیداری میری ئامادەی پانێڵێک لەسەر دۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکه بوو.
نێچیرڤان بارزانی: یەکێک له دەستکەوتەکانی عێراقی نوێ دەستووره بەڵام دەستوور وەک خۆی جێبەجێ نەکراوه و سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی عێراق جێبەجێ نەکردنی دەستووره.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: سیستەمی عێراق تەنیا بەناو فیدراڵییه بەڵام له راستیدا هەموو شتێکه جگه له فیدراڵی و عەقڵییەتێکی مەرکەزیی بەهێز بەسەر عێراقدا زاڵه. پڕۆسەیەکی دیموکراسی له عێراق هەیه بەڵام تەواو نییه.
روونیشی کردەوه: هەڵبژاردنی ئەمساڵ دوای 2005 گرنگترین هەڵبژاردنه و سەنگی کورد له بەغدا سەرچاوەی هێزه بۆ هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردنی ئەمجاره عێراق دەباته قۆناغێکی نوێ.
راشیگەیاند: پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر له جاران باشتره. یەکێتی هاوبەشه له حکوومەت و ناتوانێت خۆی له بەرپرسیارێتی بدزێتەوه.
ئاماژەی بەوەش دا: دۆخی عێراق بەراورد به ساڵانی رابردوو باشتر بووه. عێراق جارێکی دیکه بۆ حوکمی تاکەکەسی ناگەڕێتەوه. کێشەی گەورەی عێراق نەبوونی دامەزراوەی رێکوپێکه. هێزەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت مەترسییه لەسەر عێراق.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: له هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت بەراورد به عێراق لەپێشتره و یاسای وەبەرهێنانی عێراق هاندەرانه نییه.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەو هێرشانەی کرایەسەر هەرێمی کوردستان گورزێک بوو له هەموو عێراق و عێراق له بەدواداچوونی هێرشەکانی سەر هەرێم کەمتەرخەم بوو. پێویسته هەموو هێزەکانی دەرەوەی یاسا بخرێنه ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
روونیشی کردەوه: نامانەوێت هیچ کات له هەرێمی کوردستانەوه هەڕەشه لەسەر ئێران هەبێت.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بڕیارێکی جددی له تورکیا هەیه بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی. پێویسته هەنگاوی زیاتر بۆ پڕۆسەی ئاشتی بنرێت. پەیامەکانی ئۆجەلان روونن بەڵام قەندیل جێبەجێی ناکات.
سەبارەت به سووریاش گوتی: ئەوەی ئێستا له سووریا هەیه دوایین هەله بۆ چارەسەرکردن. بەو پێکهاتانەی له سووریا دەژین به عەقڵییەتی مەرکەزی بەڕێوەناچێت.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوه: قۆناغی شەڕی نێوان هێزەکان له کلتووری کورددا نەماوه. ئیدارەی ئێستای ئەمریکا زیاتر هەله بۆ کورد و عێراق. گرنگترین شت لەم هەڵبژادنه بۆ کورد کۆدەنگییه.

